پێرەوی ناوخۆی ڕێکخراوی جیهانی کورد

بەشی یەکەم:
ناو: “ڕێکخراوی جیهانی کورد“.

بەشی دووەم:
ئامانج، مەبەست و ئەرکەکان، ئامانجی ڕێکخراو:
– دامەزراندنی ناوەندێکی زانیاری و تۆمارکردنی بەڵگە و لێکۆڵینەوەیە (دکۆمێنتاسیۆن)، کە بەشێوازی زانستیانە بابەتە پێوەندیدارەکانی گەلی کورد بورووژێنێ.
-ئەرکی ڕیکخراوەکە‌ گەشەپێدان‌ و‌ پێکەوەژیان و لێک تێگەیشتن لەنێوان کوردەکان و سۆئێدیه‌کان، خەڵکان و نەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێ لە وڵاتی سۆئید، لەرێگای دیالۆگ و هاوپەیوەندی کو‌لتورییە.
– ڕێکخراو به‌ مه‌به‌ستی یارمه‌تیدان به‌و که‌سانه‌ی که‌به‌هۆکاری سیاسی یان ئایینی و ئیتنیکی تووشی ڕاودوونان و مه‌ترسییەکانی گیانی بوونه‌ته‌وه، کار ده‌کات. هه‌روه‌ها بۆ ئاواره‌کان، قوربانیانی دەستی زۆرداری، زیان لێکه‌وتووه‌کان،به‌ دیل گیراوه‌کان چالاکی ده‌نوێنی. بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە، تێدەکۆشی به‌ پێی هه‌لو مه‌رج ناوەندێکی ئاکادێمی کوردی دابمەزرێنێ بۆ بەدواداچوون سەبارەت بەو بابەتانە.
ڕایەلەیەک بۆ پێوەندی نێوان لێکۆڵەرەوانانی کورد پێکدێنێ.
پەرتووکخانە و ناوەندێکی بەڵگەنامە بۆ لێکۆڵەرەوانان پێکدێنێ.
ئینسیکلۆپێدیا (خەزێنەی زانیاری) کوردیکا یان کوردی پێدیا لەسەر ڕایەلەی ئینتێرنێت بۆ بەدواداچوون لەسەر کولتور و مێژووی کورد دادەمەزرێنێ.
سێمینار و کۆنفرانس بۆ باس لەسەر بابەتەکانی پێوەندیدار بە کولتور و پێناسەی کورد ڕیکدەخات.

گەشەدان بە کاری کولتوری، پەروەردەکردن و پەرەپێدان بە بابەتەکانی پێوەندیدار بە ئینتێگراسێۆنی رەوەندی کورد وهەوڵ بۆ هاودەنگی و یەکدەنگی هەموو ڕێکخراوە کوردیەکان بە ئەرکی خۆی دەزانێ.

بۆ گەشە پێدانی هاوکاری و هاوپێوەندی لەگەڵ سۆئێدییه‌کان و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ لە هەموو بوارێکدا تێدەکۆشێ.

هه‌وڵ و تێکۆشان بۆ چالاکیی وهاوکاری له‌ گه‌ڵ تاکه‌کان، پێکهاته‌کانی ڕێکخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی و نێودەوڵەتیەکان که‌ پارێزگاری له‌ جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤی په‌سه‌ندکراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا دەکەن.

سالانە خەڵاتێکی ڕێزلێنان دەدا بە کەسێکی هەڵبژێردراو لە ناو ئەو کەسایەتییانەی کە کاریان بۆ گەشەپێدانی کولتوری کورد و پێناسەی کورد و مێژووی کوردکردوە یان دەکەن.

ڕێکخراوی جیهانی کورد هه‌وڵ ده‌دات به‌ پێی هه‌لومه‌رج ژۆمارە حیسابێکی بانکی له‌سویس بکاته‌وه‌ به‌ ناوی نه‌ته‌وه‌ی کورده‌وه‌. ئه‌و حیسابه‌ بۆ داهاتوویە و به‌ پێی یاسا ته‌نیا نوێنه‌ری فه‌رمی کورد له‌ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کاندا دەتوانێ به‌ قازانجی ده‌وڵه‌تی کوردی که‌ڵکی لێوه‌رگرێت.

تێبینی: ڕێکخراوه‌که‌مان هه‌وڵ ده‌دات زانیاری له‌ سه‌ر ئه‌م حیسابە بانکییه‌ له‌ کاناڵەکانی مێدیاییدا، بڵاو بکاته‌وه‌، که‌ هه‌ر که‌س یان ڕێکخراوێکی مافخواز بیهەوێت، بتوانێت به‌ پێی پێویست یارمەتی ماڵی بنێرێته‌ ژۆمارە حیسابه‌که‌وه‌.

ڕێکخراوەکە دەبێت هەوڵ بدات سەربەخۆیی خۆی بپارێزێ.

بەشی سێیەم: ئەندامەتی
– هەر کەسێکی حەقیقی یان حقووقی شایستە کە ئامانجەکانی ڕیکخراوەکە پەسند بکات، دەتوانێ داوای مافی ئەدامەتی بکات.

– دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لەسەر داواکاری بە نووسراوە‌ بۆ بەئەندام بوون، بڕیاردەدا و دواتر ئه‌ندام به‌ دانی حەقی ئه‌ندامه‌تی، مافی ئه‌ندامه‌تی و مافی دەنگدان وه‌رده‌گرێت.

– وازهێنان لە ئەندامەتی هەموو کاتێک ڕیگەی پێدەدرێ و دەبێ بە نووسراوە بگاتە دەستی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوەکە.

– دەرکردنی ئەندام لەکاتێکدا ڕیگەی پێدەدرێ کە ئەندام بە ئاشکرا دژ بە ئامانجەکانی ڕیکخراوەکە کاری کردبێ. بۆ دەرکردن و سەندنەوەی مافی ئەندامەتی، پێویستە کە کۆبوونەوەی گشتی بە دوو لە سێی دەنگ پەسەندی بکا.

– حەقی ئەندامەتی ساڵانە لەلایەن کۆبوونەوەی گشتی ئەندامانەوە دیاری دەکرێ.

بەشی چوارەم:دەستەی بەڕێوەبەرایەتی.
– ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەخشانە کار دەکەن.
– ژمارەی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ پێی پێویست و هه‌لومه‌رج له‌ لایه‌ن کۆنفرانسی ساڵانه‌وه‌ دیاری ده‌کرێ و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ شێوه‌ی نهێنی ده‌بێت.
– ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ۳ که‌س وه‌ک راپەڕێنەر بۆ بەرێوەبردنی ئەرکەکان دیاری دەکا.
– ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شێکی بۆ ماوه‌ی ۲ ساڵ هه‌ڵده‌بژێردرێت و به‌شێکی بۆ ماوه‌ی ساڵێک.
– دەرکردنی ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری لەکاتێکدا ڕیگەی پێدەدرێ کە بە ئاشکرا دژ بە ئامانجەکانی ڕیکخراوەکە کاری کردبێ. بۆ دەرکردن پێویستە ، کۆبوونەوەی گشتی بە دوو لە سێی دەنگ پەسندی بکا.
تێبینی: به‌رپرس و به‌شی دارای ناتوانن دەستبەجێ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌جێبهێڵن.

– کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لانی کەم ساڵانە شه‌ش جارە، به‌ پێی پێویست دەستەی بەڕێوەبەری بڕیار لەسەر زیادکردنی دەدا.
– لە کۆنگرەی ساڵانەدا دەستەی ئامادەکاری هه‌ڵبژاردن (ڤالبرێدنینگ)،سێ کەس دیاری دەکرێ.
– بانگهێشتنی کۆنفرانسی سالانه‌ له‌ گه‌ڵ ده‌ستووری کاری کۆبوونه‌وه‌، ده‌بێت ۲ تا ٤ حه‌وتوو پێش گرتنی به‌ شێوه‌ی نوسراوه‌ بگاتە دەستی ئەندامان.

بەشی پێنجەم: کۆبوونەوەی گشتی ئەندامان:
کۆبونه‌وه‌ی ئه‌ندامان ساڵێ ۲ جار دەبێ. به‌ پێی هه‌لومه‌رج، حوزووری یان به‌ شێوه‌ی وه‌بیناریوم. هەرکاتێک بەرژەوەندی ڕیکخراوە بخوازێ، یان لانی که‌م ٣٠ لە ١٠٠ی ئەندامەکان به نووسراوه داوای کۆبوونەوەی گشتی بکا که تێیدا‌ ئامانج و مه‌به‌ستی کووبونه‌وه‌که روون کرابێته‌وه، کۆبوونەوەی گشتی دەگیرێ.
کۆبونه‌وه‌ی نائاسایی: بڕیاری کۆبونه‌وه‌ی نائاسای ته‌نیا له‌ کاتێکدا ده‌درێت که‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی ‌نەندامانی ڕێکخراو داوای بکه‌ن. بۆ هەموو کۆبوونەوەیەکی گشتی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەرایەتی سێ حەوتوو پێش کۆبوونەوەی ئەندامەکان بە نووسراوە بانگهێشتن دەکرێن. هەروەها دەستووری دیاریکراوی کۆبوونەوەکە بە نووسراوە لەگەڵ بانگهێشتنەکە بۆ ئەندامەکان دەنێردرێ.
– بەڕێوەبەری کۆبوونەوەی گشتی بەرپرسی یەکەمی رێکخراوە، هەرکات بەڕێوەبەری رێکخراو بە هەر هۆکارێک نەتوانێ بەشدار بێ، بەرپرسی دووهەم ئەرکی بەڕێوبەردنی کۆبوونەوەکە بەئەستۆ دەگرێ. کاتێک هیچ کامیان مەودای بەشداریان نەبوو و یان بەهەر هۆیەک بەشدار نەبوون، بەشدارانی کۆبوونەوەی گشتی بەڕێوەبەری کۆبوونەوەکە دیاری دەکەن.
– بەشدارانی کۆبوونەوەی گشتی به‌رپرسی نووسینی پرۆتوکۆلی کۆبونه‌وه‌که‌ دیاری ده‌که‌ن.
– هەر بانگهێشتنێکی کۆبوونەوەی گشتی بە بێ لەبەرچاو گرتنی ژمارەی بەشداران دەست بەکار دەبێ و ئیزنی په‌سه‌ند کردن یان گۆرانکاری هه‌یه‌. بڕیارەکانی کۆبوونەوەی گشتی بە لەبەرچاوگرتنی دەنگی زۆربەی ئاسایی پەسند دەکرێن.
– بۆ ئاڵوگۆری لە پێرەو دا، سێ لە چواری دەنگی بەشداران پێویستە.
– پرۆتۆکۆلی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی گشتی دەنووسرێت و لە لایەن بەرپرسی نووسینی

پرۆتۆکۆل(بروانه‌ به‌شی شه‌شه‌م خاڵی ٣) و بەڕێوەبەری کۆبوونەوەکە واژوو دەکرێ.

به‌شی شەشەم : دارایی.
– داهاتی سه‌ره‌کی ڕێکخراو له‌ دانی ئه‌ندامه‌تی ئه‌ندامان پێک دێت.
– رێکخراوە دەتوانێت یارمەتی ماڵی لە ڕێکخراوە وکەسانی مرۆڤ دۆست و باوەڕپێکراو، وەر بگرێت.
تێبینی: کەسایەتی باوەڕپێکراو دەبێت لە لایەن زۆرینەی ئەندامانی بەڕێوەبەری پەسەند بکرت.

بەشی حەوتەم: هەڵوەشانەوەی رێکخراو، یان کۆتایی هێنان بە چالاکی.
– بۆ هەلوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە چوار لە پێنجی دەنگی ئەندامەکان پێویستە. لە ئەنجامی هه‌لوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێکخراوه‌که،‌ کۆنفرانس بریار ده‌دات که‌ دارایی ڕێکخراوکه‌ به‌ چ ڕێکخراوێکی خێرخوازی لە وڵاتی سۆئێد بدرێت.

ناو و نیشانی رێکخراوەکە:

ناو و نیشانی ڕێکخراوەکە جێگای نیشتەجێبوونی بەرپرسی ڕێکخراوەکەیە.