چاوپێکەوتنی هەیئەتی رێکخراوی جیهانی کورد لە پارڵمانی وڵاتی سۆئید لەگەڵ ژمارەیەک لە پارڵمانتارانی حیزبی سۆسیال دێمۆکراتی سۆئید

رۆژی پێنجشەمە ڕێککەوتی ١٣-٤-٢٠٢٣ هەیئەتێک لە ئەندامانی رێکخراوی جیهانی کورد لە گەڵ بەشی پەیوەندییە دەرەکییەکانی حیزبی سۆسیال دێمۆکرات کۆ بوونەوە. لەو دانیشتنەدا چۆنێتی کاروچالاکی رێکخراوی جیهانی کورد و ئامانجەکانی، کوردستان تریبووناڵ و بەدۆکۆمێنتکردنی تێرۆری جیابیران لە کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرکوت و زەبروزەنگ لە کوردستان و ئێران، چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت کە ئێستا وڵاتی سۆئید بەرپرسی دەورەیی پارڵمانی یەکییەتی ئوروپایە، بارودۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، شۆڕشی ژینا و بەرهەڵستکاری کۆمەڵگا بە شێوەی جۆراوجۆر بەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران، چۆنێتی سەرپۆشی زۆرەملی و دەرمانداوکردنی خوێندکارانی کچ لە خوێندنگاکان و گۆڕانکارییەکانی پاش شۆڕشی ژینا خرانە بەر باس و لێدوان .
لەم پەیوەندییانەدا کۆمەڵێک بەڵگە بۆ زانیاری زیاتر و تێگەیشتنێکی گشتی لە باروودۆخی ئێستای کوردستان و ئێران خرایە بەر دەستی هەیئەتی خانەخوێ کە پێکهاتبوون لە: بەڕێزان یوهان بۆشر، خاتوو لینیا ویکمان و خاتوو ئازرا مۆرانوڤیچ . هەیئەتی پارڵمانی حیزبی سۆسیال دێمۆکرات لەبەشی پەیوەندیە دەرەکییەکان ، بەڵێنیان دا کە ئەم چاوپیکەوتنانە لە دانیشتنێکی بەربڵاوتردا بەردەوام بکرێ و لەداهاتوودا پلانی بۆ دابنرێ کە لەگەڵ هەموو ئەندام پارڵمانتارەکانی بەشی پەیوەندییە دەرەکییەکان چاوپێکەوتن بکرێ.

هەیئەتی ریکخراوی جیهانی کورد کە پیکهاتبوون لە خەزاڵ کەرەمی، ئێقباڵ سەفەری و کیاڕەش شاسواری، سەرەڕای سپاس و پێزانین بۆ ئەو چاوپێکەوتنە دۆستانەیە، داواکار بوون کە ئەم بابەتانە لەگەڵ ئەندام پارڵمانەکانی تریش بیننە بەرباس و وڵاتی سۆئید وەک بەڕێوەبەری دەورەی پارڵمانی یەکییەتی ئورووپا ، رۆڵی خۆی لە بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران بگێڕێ.

لە کۆتاییدا یوهان بۆشر لە ئینستاگرامی فەرمی خۆی نووسییوێتی: لە چاوپێکەتینێکدا لەگەل چالاکانی مەدەنی بە چڕوپڕی قسەمان لە سەر باروودۆخی ئێران کرد و ئێمە وەکوو سۆسیال دێمۆکراتی سۆئید داوا لە حکوومەتی سۆئید ئەکەین سپای پاسداران بخاتە لیستی تێڕۆرەوە.

Den 13 april 2023 höll World Kurd Organisation ett möte med en socialdemokratisk parlamentariker som sitter i utrikesutskottet i Sveriges riksdag.