ڕێکخراوی جیهانی کورد هەر چەشنە دەستدرێژی و هێرش بۆ سەر خاکی کوردستان و شاروومەندانی کورد ، بە تووندی مەحکووم دەکات

ڕەنگە پێویست نەکا بگوترێ ” هەموو کەس دەزانێ”. چوون ئەمڕۆ بە لە ئارادابوونی تێکنۆڵۆژی، چەند چرکە دوای هەرڕووداوێک، لە سەر گۆی زەوی، هەموو مرۆڤایەتی لێی ئاگادار دەبێتەوە. بە تایبەت ئاشکرایە کە پێش هەمووان ڕیکخراوە تەناهییەکانی وڵاتان، ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە رووداوەکە دەزانن.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا دەوڵەتی ئیسلامگەرای تورکیە(ئەندامی ناتۆ)، سەرلە نوێ بە ڕیگای ئاسمان وزەویدا بە کەڵکوەرگرتن لە جۆرەها چەکی قورس، بە بەرچاوی دنیاوە هێرشی کردۆتە سەر کەمپی مەدەنی (ئاوارەکان) لە خاکی هەرێمی کوردستان و ژن و منداڵی بێ سەر پەنا بوونەتە ئامانجی ئەو هێرشانە.

لە لایەکیترەوە هەر لەو ڕۆژانەدا، ڕژێمی تۆتالیتێر و فاشیستی ئێرانیش بە تۆپبارانکردنی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو گووندانەی کە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنییە، ڕێچکەی هاوپەیمانەکەی گرتە پێش وسەرلە نوێ ڕووخساری دژە مرۆڤانەی خۆی بە دنیا ناساند.

ڕێکخراوی جیهانی کورد وێڕای مەحکوومکردنی ئەو دەستدرێژییانە، لە پێناو پاراستنی کەرامەتی ئینسانی و بە ئاماژە پێدان بە چەمکەکانی مافی مرۆڤی پەسندکراو لە لایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، داوا لە تەواوی ڕیکخراوە پێوەندیدارەکان بە تایبەت رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکا، تا هەرچی زووتر هەنگاوی کردەیی و بە جێ بۆ راگرتن و دووبارە نەبوونەوەی ئەو جینایەت و دەستدرێژییە ئاشکرایانە هەڵیننەوە.

هەروەها رێکخراوەکەمان بە ئەرکی خۆی دەزانێ بە کوردەکانی سەراسەری جیهان ڕابگەینێ تا کاتێک کە خاکی کوردستان وەک کیانێکی فەڕمی و سەربەخۆ بە فەرمی نەناسرێ و کورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نەبێت، لەو بازنە شوومەدا دەخولێتەوە.

جێی لێوردبوونەوەیە کە بزانین، بە پێی مادەی ١٠ی پەیماننامەی سەعداباد، ئەو پەیماننامەیە، هەر ٥ ساڵ جارێک دڕێژ دەکرێتەوە. هەر بەو جۆرە لە ساڵی ١٩٣٧ی زایینی وە تا ئێستا درێژ کراوەتەوە و تەنیا هۆی مانەوەی ئەو پەیماننامەیە، بوونی مادەی حەوتە، کە بۆ پێشگرتن لە پێکهاتنی کیانێکی کوردستانییە.

(ئایا تا ئێستا لە خۆمان پرسیوە، بۆچی سەرەڕای شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێڕاق و گۆڕانی حکوومەتەکانی هەر سێ وڵات، ئەو پەیماننامەیە (ژێربەژێر) هەر لە جێی خۆیەتی؟ ئایا ئێستا کاتی ئەوە نەهاتووە کە مرۆڤی کورد بە دوور لە هەر چەشنە بیرکردنەوەیەکی سیاسی و بەستراوەیی حیزبی بە یەکدەنگی خوازیاری ئازادی و سەربەخۆیی نیشتمانەکەی خۆی بێت؟)

رێکخراوی جیهانی کورد، هێرشەکانی ئێران و تورکیە وبێدەنگی ڕەزایەتمەندانەی حکوومەتی عێڕاق بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە تووندی مەحکووم دەکات و داوا لە نەتەوەی کورد دەکات، بە یەکدەنگی ئیدانەی ئەو دەستدرێژییانە بکەن. هەروەها داوا لە رێکخراوە پێوەندیدارەکان دەکا خوازیاری پێشگرتن لەو پێشێلکاری وجینایەتانە بن.

ڕێکخراوی جیهانی کورد

١٧-٠٦-٢٠٢٠